كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ پێشه‌نگن له‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانیه‌كانیان
هادی‌ فه‌ریق قاره‌مان
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ كوردستان و عێراق رووبه‌رووی هێرشێكی‌ چه‌كدارانی به‌ناو ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی بووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ سنووره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان‌ كردۆته‌ ئامانج و به‌ درێژایی سه‌دان كیلۆمه‌تر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رگری پاراستنی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و ئه‌زموونی هه‌رێمی‌ كوردستاندان, هه‌ر له‌ ده‌ره‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و شه‌ره‌ كه‌ هه‌ندێ‌ شارو شارۆچكه‌‌ سنووریه‌كانی‌ كوردستانی‌ گرتۆته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی‌ شه‌نگال و مه‌خمور و گوێر و جه‌له‌ولا دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ تووشی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری بوون و ماڵ‌ و حاڵی‌ خۆیان جێهێشت‌ و روویان له‌ چیا و ده‌شت و شاره‌كانی‌ تری كوردستان كرد‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ناوچه‌ی‌ شه‌نگال ده‌یان كه‌س له‌ پیرو گه‌نج و منداڵ‌ له‌ كوردانی یه‌زیدی بونه‌ته‌ قو‌ربانی و تووشی كاره‌ساتێكی‌ مرۆیی و ره‌وشێكی‌ ته‌ندروستی‌ خراپ بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تا ئه‌م ساتانه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و تیمه‌خۆبه‌خشه‌كانی‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستییه‌كان هاوشانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌ پێشه‌نگی‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كاندان و زۆر له‌ خۆبردوانه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان پێشكه‌ش به‌ بریندار و ئاواره‌كان ده‌كه‌ن و به‌ گیانی‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌م قۆناغه‌ و چه‌ندین تیم به‌ هاوكاری و به‌ هه‌ماهه‌نگی سه‌ندیكا و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و كه‌مپ و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن و پێداویستییه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆڤدۆستی له‌م قۆناغه‌ چاره‌نووسازه‌ مێژوویه‌دا له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌ركه‌كان و پێشه‌نگی‌ دڵسۆزی و پشتیوانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان بین له‌ پێناو پاراستنی‌ ئه‌زموونی‌ دیموكراسی و ده‌سكه‌وتی چه‌ندین ساڵه‌ی‌ خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌مان چونكه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی تاریكی خواستی له‌ناوبردن و په‌كخستنی ئه‌زمونه‌كه‌مانن و خه‌ونی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌مانیان كردۆته‌ ئامانج و ئه‌یانه‌وێت جارێكی تر ئه‌نفال و ره‌شه‌كوژی و برسیه‌تی بۆ كوردستان بهێنن و ئاسایش و ئارامی هه‌رێمه‌كه‌مان لێ بشێوێنن، به‌ڵام بێگومان پشت به‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خه‌ونه‌كانیان له‌گۆر ده‌نێین سنوره‌كان بۆ تیرۆرستان ده‌كه‌ین به‌ گۆرستان. به‌رزوو پیرۆزبێت ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ رووبه‌روونه‌وه‌ی تیرۆر و پشتیوانی‌ و پشتگیری هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان سه‌ركه‌وتووبێت خه‌باتی رێكخراوه‌یی و پیشه‌یی كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان
ژماره‌ی بینین:
1365
به‌روار:
17/08/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
هادی‌ فه‌ریق قاره‌مان
1 بۆ 13 له‌ کۆی 13