مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌
هادی‌ فه‌ریق قاره‌مان
له‌سه‌ره‌تا تا ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئایار به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندان و رێكخراوه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌تایبه‌تیش له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ گله‌یی‌ و گازنده‌یان ده‌ربڕی‌ و چه‌ندین یاداشتنامه‌و ناڕه‌زایی‌ و داواكاری‌ پێشكه‌ش فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران كرا, كه‌ سه‌رجه‌میان كۆكبوون له‌سه‌ر دوانه‌كه‌وتنی‌ موچه‌ و چه‌ندین داواكاری‌ هه‌نوكه‌یی‌ تر سه‌باره‌ت به‌ده‌رماڵه‌ و باشتركردنی‌ ڕه‌وشی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌, كه‌ پێمان وایه‌ مافێكی‌ سروشتی‌ و دیموكراسی‌ هه‌موو تاكێكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ به‌كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیشه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌ڕی‌ ئازادییه‌وه‌ گوزارشت له‌ ناڕه‌زاییه‌كان و داواكارییه‌كانیان بكه‌ن و له‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌موو شێوازه‌كانی‌ خه‌باتی‌ ڕێكخراوه‌یی‌ و فشاری‌ سه‌ندیكایی‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ داخوازیه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ پاڵپشته‌ به‌ په‌یڕه‌وپرۆگرامی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان له‌به‌شی‌ سیه‌م – ماده‌ی‌ هه‌شته‌م (شێوازه‌كانی‌ خه‌باتی‌ ڕیكخراوه‌یی‌) (1- گفتوگۆ 2-پێشنیار 3-ڕونكردنه‌وه‌ و به‌یاننامه‌) پاشان پیاده‌كردنی‌ (1- مانگرتنی‌ كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن 2- ڕێپێوان و خۆنیشاندان), هه‌ر بۆیه‌ پیاده‌كردنی‌ ئه‌و شێوازانه‌ی‌ خه‌باتی‌ سه‌ندیكایی‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ ئه‌رك و پره‌نسیپی‌ رێكخراوه‌ییه‌, بێگومان دیاریكردنی‌ شێواز و قۆناغ و هه‌لومه‌رجه‌كان به‌ڕاویژ له‌گه‌ڵ بنكه‌ی‌ رێكخراوه‌یی‌ له‌ناوه‌نده‌كانی‌ كاردا مه‌رجی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی‌ رێكخراوه‌ییه‌ تا بتوانرێت ‌گونجاوترین و كاریگه‌رترین فشار له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی‌ بریار دروست بكات, جا بۆیه‌ مانگرتن له‌ دوای‌ گفتوگۆ و پێشنیار و ده‌ركردنی‌ روونكردنه‌وه‌ و به‌یاننامه‌ دێت, كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ شێوازانه‌ گه‌ر به‌كارامه‌یی‌ له‌ یه‌كخستنی‌ هه‌ڵوێست و یه‌كڕیزی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌بگرێت ئه‌توانن ڕۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ببینن له‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاریه‌كان, به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت كه‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ناوه‌ندێكی‌ هه‌ستیاره‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ژیان و ته‌ندروستی‌ هه‌موانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ندێك شوێنی‌ هه‌ستیاری‌ وه‌ك بوژانه‌وه‌ی‌ دڵ و گورچیله‌ی‌ ده‌ستكرد فریاكه‌وتن و چاودێری‌ ورد بچوكترین كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌وانه‌یه‌ ژیانی‌ مرۆڤ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ یاخود ژیان له‌ده‌س بدات كه‌ ئه‌وكات پێمان وایه‌ په‌یامی‌ مرۆڤدۆستی‌ وخزمه‌تكرن به‌مرۆڤ ئه‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌, جا بۆیه‌ بڕیاری‌ مانگرتن له‌ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستیدا به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ و پێویستی‌ به‌پلان و به‌رنامه‌رێژی‌ پێش وه‌خت هه‌یه‌ تا بتوانرێت په‌یام وچه‌مكی‌ به‌خشنده‌یی‌ و مرۆڤدۆستی‌ كارمه‌ندان به‌زیندوی‌ ڕابگرین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ پیشه‌ییه‌ هیچ رووداوێكی نه‌خوازراوی لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌و ئامانجی‌ خۆی‌ بپێكێ‌ له‌ چالاكردن و پێشخستنی‌ خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیان و نه‌خۆش نه‌ك پێچه‌وانه‌وه‌.
ژماره‌ی بینین:
1109
به‌روار:
03/06/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
هادی‌ فه‌ریق قاره‌مان
1 بۆ 13 له‌ کۆی 13