ته‌ندروستی‌ و رۆژوو
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
ئه‌رشه‌د ته‌حسین رۆژوو واته‌ خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو, رۆژوو روانگه‌یه‌كی‌ ئایینی‌ هه‌یه‌ و له‌ ئایینی‌ ئیسلام دا به‌ پێویستی‌ له‌سه‌ر موسوڵمانان هه‌ژماركراوه‌ و یه‌كێك له‌ پایه‌كانی‌ ئیسلامیشه‌. رۆژوو جگه‌ له‌ روانگه‌ ئایینیه‌كه‌ی‌ له‌ رووانگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ته‌ندروستی‌ و ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندییه‌, به‌ واتایه‌كی‌ تر جگه‌ له‌ گرنگی‌ ئایینی‌ رۆژوو هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك بایه‌خ و گرنگی‌ تریشه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ تێڕوانینی‌ قوڵ‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بۆ بكرێت. رۆژوو له‌ روانگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ خۆ پاراستن له‌ كاره‌ نه‌شیاو و دزێوه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ له‌ درۆ و دزی‌ و بوختان و چاوبڕینه‌ ماڵ‌ و موڵكی‌ كه‌سانی‌ تر, هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌ گرنگیه‌وه‌ باس له‌ رۆژوو ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كانی‌ مرۆڤ. سه‌رچاوه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ توێژنه‌وه‌ ته‌ندروستیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆژوو له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ شه‌كره‌ و پاڵه‌ په‌ستۆی خوێن و قه‌ڵه‌وی‌ و زۆربوونی‌ چه‌وریه‌كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ زیان به‌خشه‌كانی‌ جه‌سته‌ بایه‌خی‌ تایبه‌تی‌ خۆی هه‌یه‌, هه‌روه‌ها رۆژوو رێگایه‌كی‌ گونجاویشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كێشی له‌ش و زۆركات كه‌سانێك بۆ لایه‌نی‌ له‌ش جوانی‌ و خۆپاراستن له‌ قه‌ڵه‌وی‌ په‌نای‌ بۆ ده‌به‌ن. هه‌روه‌ها رۆژوو له‌ روانگه‌ی‌ ده‌روونیه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ به‌هێزكردنی‌ ئیراده‌ی‌ مرۆڤه‌وه‌, رۆژوو بریتیه‌ له‌ خۆراگری‌ و ئارامگرتن, خۆراگری‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌, گومان له‌وه‌دانیه‌ كه‌ كه‌ ئارام گرتن گه‌وره‌ترین به‌ خششی‌ خوایه‌ بۆ مرۆڤ, به‌ جۆرێك هه‌ر كه‌سێك توانای‌ ئارام گرتنی‌ هه‌بێت توانای‌ خۆراگرتنی‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر نه‌هامه‌تی‌ و كێشه‌كانی‌ ژیان دا, كه‌سێك بتوانێت ئارام بگرێت و به‌سه‌ر نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ ژیانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌وا خه‌م و مه‌ینه‌تیه‌كان ناتوانن چۆكی‌ پێدا بده‌ن. كه‌سێك بتوانێت ئارام بگرێت ئه‌وا سه‌رفرازی‌ له‌ ژیان به‌ ده‌ست ده‌هێنێت و هه‌میشه‌ كه‌سانی‌ دان به‌ خۆداگر له‌ ژیان قازانج ده‌كه‌ن, به‌ جۆرێك هیچ كه‌س له‌ ئارام گرتن په‌شیمان نه‌بووه‌ته‌وه‌ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ رۆژوو هه‌ڵگری‌ گه‌لێك وانه‌ و بایه‌خ به‌ندی‌ تره‌ له‌وانه‌ش هه‌ستی‌ تینوێتی‌ و برسێتی‌ و زانینی‌ مه‌ینه‌تی‌ و نه‌هامه‌تی‌ خه‌ڵكانی‌ كه‌م ده‌رامه‌ت و برسی, به‌ جۆرێك كاتێك مرۆڤ خۆی به‌ رۆژوو ده‌بێت و هه‌ستی‌ تینوێتی‌ و برسێتی‌ لا دروست ده‌بێت, ئه‌و كات له‌ حاڵ‌ و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكانی‌ هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت تێده‌گات و گیانی‌ هاوكاری‌ و یارمه‌تی‌ دانی‌ تێدا درووست ده‌بێت . به‌ ده‌ر له‌مانه‌ كه‌ باسكران رۆژوو گه‌لێك وانه‌ی‌ پڕ به‌های‌ تری تێدایه‌ ئگه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ژیرانه‌ تێیان بڕوانین , به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ من زیاتر مه‌به‌ستمه‌ باسی بكه‌م پارێزگاری‌ كردنه‌ له‌ ته‌ندروستی‌ خۆت له‌ كاتی‌ رۆژوودا, چونكه‌ گومان له‌وه‌دانیه‌ كه‌سی‌ رۆژووه‌وان كه‌ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 15 كاتژمێر به‌ رۆژوو ده‌بێت و خۆی له‌ هه‌موو جۆره‌ خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ك به‌ دوورده‌گرێت, ئه‌وا چه‌ندین گۆڕانكاری‌ فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی و كیمیایی له‌ جه‌سته‌یدا رووده‌دات و ناشكرێت به‌بێ ره‌چاوكردنی‌ گونجاندنی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی‌ تێدایه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ بخورێت به‌تایبه‌ت له‌ ساتوه‌ختی‌ رۆژوو شكاندن دا, به‌ ڵكو ده‌بێت به‌ شێوه‌ی پله‌ به‌ندی‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌ كاته‌كانی‌ شه‌ودا بخورێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كیترین كار پارێزگاریكردنه‌ له‌ ته‌ندروستی‌ خۆت و ته‌ندروستی‌ خۆت له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ گرنگتره‌. هه‌مووشمان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ « خۆپاراستن باشتره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردن»...
ژماره‌ی بینین:
1192
به‌روار:
07/07/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
1 بۆ 4 له‌ کۆی 4