نه‌خۆشخانه‌كانی‌ فریاكه‌وتن و مامه‌ڵه‌ی‌ هاوڵاتیان
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
گومانی‌ تێدانی یه‌ له‌ هه‌موو دونیادا وایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن كه‌ له‌لای‌ خۆمان به‌ « ته‌واری‌ « ناسراوه‌ بۆ نه‌خۆشی و حاڵه‌تی‌ كت و پڕ و كاره‌ساتی‌ نه‌خوازراو و رووداوی‌ هاتووچۆ و ... هتد به‌كاردێت, به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌دا و به‌ تایبه‌تیش له‌ شاری سلێمانی‌ نه‌خۆش بێ گوێدانه‌ حاڵه‌تی‌ نه‌خۆشی یه‌كه‌ی‌ سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بۆ حاڵه‌تێكی‌ ساده‌ و ئاسان ده‌چێت بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن چه‌ند زه‌ره‌ر به‌ خۆی و ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌ و نه‌خۆشه‌كانی‌ تری ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ نمونه‌ كه‌ بۆ حاڵه‌تێكی‌ سه‌ریه‌شه‌ی‌ ئاسان ده‌چیت بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن ئه‌وا كات و مافی چه‌ندین نه‌خۆشی تر ده‌خۆیت كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان حاڵه‌تی‌ فریاكه‌وتنه‌ و پێویستیان به‌وه‌یه‌ كاتیان بۆ ته‌رخان بكرێت له‌لایه‌ن ستاف و كارمه‌ندانی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌. جا زۆركات چه‌ند كه‌سێك له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆشه‌كه‌دان و به‌ته‌واوی‌ شپرزه‌ بوونه‌ و به‌جۆرێك دێنه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ تێكدانی‌ ئارامی‌ و هێمنی‌ كه‌ش و هه‌وای‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و بێزاربوونی‌ ستاف و كارمه‌ندانی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی كه‌ رێیان كه‌وتوه‌ته‌ ئه‌وێ . گه‌رچی من پڕ به‌ دڵ‌ ئاواته‌خوازم كه‌س رێی نه‌كه‌وێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و هه‌موو لایه‌ك له‌ش ساغ و ته‌ندروستبن, به‌ڵام جێی خۆیه‌تی‌ له‌مه‌ولا بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ :. یه‌كه‌م: تا زۆر پێویست نه‌كات سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ فریاكه‌وتن نه‌كه‌ین و له‌ بری ئه‌وه‌ سه‌ردانی‌ مه‌ڵبه‌ند و بنكه‌ته‌ندروستیه‌كان یان نۆرینگه‌ی‌ پزیشكه‌ پسپۆڕیه‌كان بكه‌ین و له‌وێ چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرین. دووه‌م: له‌ كاتی‌ چوونمان بۆ نه‌خۆشخانه‌ خه‌ڵكانێكی‌ زۆر له‌گه‌ڵ‌ خۆمان نه‌ به‌ین وه‌ك هاوڕێی نه‌خۆش و ئه‌گه‌ر خۆشمان وه‌ك هاوڕێی نه‌خۆش رێمان كه‌وته‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌وا نه‌بین به‌ مایه‌ی‌ تێك دانی كه‌ش و هه‌وای‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و لێگه‌ڕێین ستافی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئیش و كاری‌ خۆیان به‌ باشی جێبه‌جێ بكه‌ن. سێیه‌م: په‌له‌په‌ل نه‌كه‌ین و رێ به‌ستاف و كارمه‌ندانی‌ نه‌خۆشخانه‌كان بده‌ین تا سه‌ره‌تا بایه‌خ به‌و نه‌خۆشانه‌ بده‌ن كه‌ زۆر هیلاكن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌. چواره‌م: ئه‌ركی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی یه‌ كه‌ زۆرترین بنكه‌ و مه‌ڵبه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ گه‌ڕه‌ك و شارۆچكه‌كان بكاته‌وه‌ و پزیشك و ستافی شاره‌زا و پسپۆڕیان بۆ دابین بكات و پێداویستی‌ و به‌شه‌ جۆراو جۆره‌كانیش له‌ خۆبگرێت. پێنجه‌م: تا بكرێت هه‌وڵ بده‌ین به‌ رۆژ سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ین و نه‌كه‌وینه‌ شه‌وه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دره‌نگانی‌ شه‌و, زۆر كات نه‌خۆش هه‌یه‌ كه‌ له‌ دره‌نگانی‌ شه‌ودا سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن ده‌كات به‌ڵام ده‌یتوانی‌ له‌ رۆژدا سه‌ردانی‌ بكات , چونكه‌ كه‌ لێی ده‌پرسی له‌ كه‌یه‌وه‌ وایت ده‌ڵێت چه‌ند رۆژێكه‌ وام, كه‌ لێشی ده‌پرسی بۆ به‌رۆژ نایه‌یت بیانویه‌كت بۆ ده‌هێنێته‌وه‌. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین , « خۆپاراستن باشتره‌ له‌ چاره‌سه‌ر كردن» , بۆیه‌ له‌ هه‌موو ساتێكدا له‌ هه‌وڵی خۆپاراستن دابین و هه‌وڵی خۆ به‌ دوورگرتن بده‌ین له‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ تووش بوونمان به‌ ناره‌حه‌تی‌ و نه‌خۆشی تا وه‌كو ناچار نه‌بین سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ین و خۆمان بده‌ینه‌ به‌ر چاره‌سه‌ر و ده‌رمان. هه‌روه‌ها پاراستن و رێزگرتن له‌ یاسا و رێساكانی‌ نه‌خۆشخانه‌ و به‌رز نرخاندنی‌ هه‌وڵ‌ و ماندووبوونی‌ كارمه‌ندان و ستافی نه‌خۆشخانه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌ركی‌ قورسی سه‌رشانیان جوانترین دیاریه‌ له‌ نه‌خۆش و هاوڕێی نه‌خۆشه‌وه‌ بۆ كارمه‌ندانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ و ته‌نانه‌ت بۆ هاوڵاتیان و نه‌خۆشانی‌ دوای‌ خۆمان كه‌ سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن. [email protected]
ژماره‌ی بینین:
1152
به‌روار:
30/03/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
1 بۆ 4 له‌ کۆی 4