كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ نێوان ماندووبوون و پێزانین دا
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت رێت بكه‌وێته‌ هه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستی‌, مه‌ڵبه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌, سه‌نته‌ر ێكی‌ ته‌ندروستی‌, نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یان هه‌ر ناوه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ , یان هه‌ر به‌شێك له‌ سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ئه‌وا هه‌ست به‌ قورسی ئه‌ركی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و ماندووبوونیان ده‌كه‌ین, جا ئه‌گه‌ر به‌ چاوێكی‌ ویژدانه‌وه‌ لییان بڕوانیین ئه‌وا تێده‌گه‌ین به‌شی هه‌ره‌ زۆری « ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌مووی‌ « كاروباری‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ له‌ ئه‌ستۆی كارمه‌ندان دا یه‌, سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌موو گرفت و كێشانه‌ی‌ رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام كارمه‌ندان شێلگیرانه‌تر و له‌ خۆبوردووانه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆیان له‌ خزمه‌ت كردنی‌ هاوڵاتیان و نه‌خۆشان دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. له‌ هه‌ر ناوه‌ندێكی‌ ته‌ندروستیدا كارمه‌ندان كێشه‌ و گرفتی‌ هه‌مه‌ جۆر و هه‌مه‌ چه‌شنیان هه‌یه‌, به‌واتایه‌كی‌ تر , گرفت و كێشه‌كانی‌ كارمه‌ندان له‌ هه‌ر ناوه‌ندێكی‌ ته‌ندروستیدا بێت بۆ دوو جۆری سه‌ره‌كی‌ دابه‌ش ده‌بێت ئه‌وانیش : یه‌كه‌م / كێشه‌ی‌ گشت گیری كارمه‌ندان كه‌ كێشه‌ی‌ سه‌راپاگیری كارمه‌ندانه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێك دا بن ده‌یان گرێته‌وه‌. دووه‌م / كێشه‌ی‌ تایبه‌ت مه‌ند , كه‌ ره‌نگه‌ كێشه‌ی‌ ته‌نها ناوه‌نده‌كه‌ یان به‌شێكی‌ ناوه‌نده‌كه‌ بێت و كاریگه‌ری‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ره‌وتی‌ گشتی‌ و خزمه‌ت كرنی‌ هاوڵاتیان نه‌وه‌ستێت. لێره‌دا هێنده‌ی‌ ده‌مانه‌وێت باس له‌ چه‌ند مافێكی‌ سه‌ره‌تایی كارمه‌ندان بكه‌ین هێنده‌ مه‌به‌ستمان نیه‌ باس له‌ گیر و گرفته‌كانییان بكه‌ین , چونكه‌ له‌ هه‌موو جیهان دا وایه‌ له‌ هه‌ر كوێ ئه‌رك هه‌بێت ماف هه‌یه‌ به‌ چه‌شنێك كه‌ ئه‌رك وماف پێكه‌وه‌ هاوته‌ریبی یه‌ك رێده‌كه‌ن له‌ره‌وتی‌ ژیان دا, له‌ سۆنگه‌ی‌ زۆریی و قورسی ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی و ماندووبوونیانه‌وه‌ ده‌شێت ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك مافی سه‌ره‌تایی كارمه‌ندان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ چ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و چ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و خودی‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ كاری تێدا ده‌كات یان له‌لایه‌ن نه‌خۆش و هاوڵاتیانه‌وه‌ بۆ كارمه‌ندان جێبه‌جێ بكریت, بۆیه‌ ده‌كرێت لێره‌دا مشتێك له‌ ماف و داوا ره‌واكانی‌ كارمه‌ندان له‌م چه‌ند خاڵه‌ی‌ خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌: یه‌كه‌م/ هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگادا بۆ هه‌ركارێكی‌ باش و به‌سوود كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات پێویستی‌ به‌ ده‌ست خۆشیی و پێزانینی‌ كۆمه‌لڵایه‌تی‌ هه‌یه‌, واته‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ست خۆشی لێ بكات, بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ به‌ ئه‌نجامی‌ گه‌یاندوه‌ و هه‌وڵ و ماندووبوونی‌ به‌رز بنرخێندرێت, هه‌ربۆیه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر پێویسته‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ سوپاس ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كانینان بكرێت, كه‌ به‌ بڕوای‌ من له‌م روانه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ درێخی‌ نه‌كردوه‌ و هه‌میشه‌ به‌ چاوی رێزه‌وه‌ له‌ كارمه‌ندان ده‌ڕوانێت و ماندووبوونیان به‌رز ده‌نرخێنێت . دووه‌م / به‌كارهێنانی‌ سیسته‌می‌ پاداشت له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروسیته‌وه‌ بۆ كارمه‌ندانی‌ دڵسۆز و چالاك له‌ ناوه‌نده‌كه‌ی‌ خۆیان دا, جا چ پاداشتی‌ مادی‌ بێت یان پاداشتی‌ مه‌عنه‌وی‌ كه‌ ده‌بێته‌ هاندانێكی‌ باش بۆ كارمه‌ندانی‌ به‌توانا و له‌ خۆبوردوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ چالاكانه‌تر ئه‌ركه‌كانیان رابپه‌ڕێنن و هه‌م بۆ كارمه‌ندانی‌ سستیش بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاو به‌ ئه‌ركی‌ خۆیان دا بخشێننه‌وه‌ و ئه‌وانیش چالاك بن. سێیه‌م / هاوتا كردنی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ پیشه‌یی و مه‌ترسی بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و باشتر كردنی‌ ئاستی‌ گوزه‌ران و بژێوی‌ ژیانیان, ئه‌مه‌ش هانی‌ كارمه‌ندان ده‌دات باشتر ئه‌ركه‌كانیان رابپه‌ڕێنن و پێویستیان به‌وه‌ نه‌بێت له‌ پاڵ‌ كاری‌ سه‌ره‌كیان له‌ ناو ناوه‌نده‌كانی‌ ته‌ندروستیدا كاری‌ تر بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوه‌نده‌كه‌یان دا. چواره‌م / دابین كردنی‌ شوێن و یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێكردن بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ بێ جیاوازی‌ شوێن و جۆری بیركردنه‌وه‌یان, هه‌روه‌ها پێدانی‌ پێشینه‌ی‌ هاوسه‌رێتی‌ و پێشینه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خانووبه‌ره‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ كه‌ سه‌ره‌تای‌ چوونه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رێتیانه‌. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین كه‌ دابین كردنی‌ ژیانێكی‌ باشتر بۆ كارمه‌ندانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ و پێزانینی‌ هه‌وڵ‌ و ماندوو بوونیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان دایه‌, چونكه‌ هیچ گومانی‌ تێدا نیه‌ هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ رۆژێك له‌ رۆژان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت رێی ده‌كه‌وێته‌ لای‌ كارمه‌نی‌ ته‌ندروستی‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كان...
ژماره‌ی بینین:
1130
به‌روار:
03/06/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
ئه‌رشه‌د ته‌حسین
1 بۆ 4 له‌ کۆی 4