ڕۆژ باش
نه‌وشیروان ئازاد
پێمان ده‌ڵێن ڕۆژ تان باش ...ڕۆژی‌ په‌رستارتان پیرۆز , ڕۆژی‌ ئه‌رك و ماندوو بون, ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ وه‌ك هه‌ر ڕۆژێكی‌ دی‌ له‌هه‌موو كه‌س ماندوو تر و له‌هه‌موو كه‌س به‌ربرس تر و , له‌هه‌موو كه‌س بێ‌ ماف تر . ئێمه‌ین .. ڕۆژده‌نێینه‌ ده‌م شه‌و و شه‌ویش به‌دیار ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆشه‌وه‌ , به‌ ڕۆژیكی‌ دی‌ یه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ین , هه‌فته‌ و ساڵ‌ و مانگ ته‌ی‌ ده‌كه‌ین و ته‌مه‌نی‌ شیرینی‌ خۆمان به‌ ئێشك و و چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ وه‌ك مۆم به‌ دیار ناڵه‌ی‌ بیمارانه‌وه‌ ده‌سوتێنین . ئێمه‌ین .. ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك له‌ جوڵه‌و خزمه‌ت بوه‌ستین , ئه‌وا شیرازه‌ی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌وه‌ستێت , به‌ڵام كه‌س بیر له‌ ژیانی‌ ئێمه‌ ناكاته‌وه‌ . ئێمه‌ین .. هاوسه‌نگی‌ خۆشه‌ویستی‌ نێوان خه‌ڵك و حوكمه‌تمان ڕاگرتووه‌, به‌ڵام حكومه‌ت بیر له‌ خۆشه‌ویستی‌ ئیمه‌ ناكاته‌وه‌. ئێمه‌ین.. زه‌رده‌خه‌نه‌و سۆز ده‌گێرینه‌وه‌ بۆسه‌ر لێوه‌كان , به‌ڵام زه‌رده‌خه‌نه‌ی‌ سه‌ر لێوانمان ده‌تورێنن. ئێمه‌ین.. كه‌بۆ چركه‌یه‌ك ڕێگه‌ ناده‌ین چركه‌ ساتێك به‌سه‌ر تیماری‌ بیماره‌كانماندا تێپه‌ڕێ‌, به‌ڵام به‌ ده‌یان رۆژ سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی‌ ژیانمان راده‌گیرێت. ئێمه‌ین... ڕۆژه‌ به‌نرخه‌كانی‌ گوزه‌رانمان ده‌كرێته‌ قوربانی‌ گه‌مه‌ی‌ سیاسیه‌كان. پێمان ده‌ڵێن: ڕۆژتان باش ڕۆژی‌ دوباره‌ی‌ وه‌ك سه‌دان ڕۆژی‌ ڕابردوتان باش , جه‌ژنێكی‌ كرچ و كاڵ و بێ‌ بزه‌و قاقاتان باش, ئه‌و جه‌ژنه‌ی‌ كه‌ تێیدا شایسته‌ی‌ پارچه‌ كاغه‌زێك نین كه‌ پێ‌ ی‌ ده‌ڵێن :(سوپاس و پی‌ زانین). له‌ ووڵاتانی‌ دنیادا له‌م ڕۆژه‌دا دیاری‌ و گرانبه‌ ها و خه‌ڵاتی‌ ڕێزلێنان ده‌به‌خشنه‌ په‌رستاران, لێره‌ش خه‌ڵاتی‌ چاوه‌ڕوانی‌ مووچه‌یه‌كی‌ كوله‌ مه‌رگیمان پێ‌ ده‌به‌خشن. جه‌ژنمان پیرۆز ...جه‌ژنی‌ هاووڵاتی‌ پله‌ دووی‌ , ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ,جه‌ژنی‌ بێ‌ ڕێزی‌ و نه‌بونی‌ یاسایه‌ك بۆمان له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر خوانه‌كه‌رده‌ پێویسمان به‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌ك یان هه‌ر پێویستیه‌كی‌ تر كه‌ پێویستی‌ به‌ نۆبه‌ گرتن بوو , ده‌بێت بۆ ئاشنایه‌ك یان كه‌سێك بگه‌ڕێین تا له‌نه‌خۆشخانه‌ حكومیه‌كاندا بۆمان ئه‌نجام بدرێت و نه‌چینه‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تیه‌كان. كورد واته‌نی‌( ماڵ له‌ ماڵ خۆ حه‌رامه‌ ) . رۆژمان پیرۆز ... ڕۆژی‌ جیاوازی‌ له‌ ئه‌رك و ماف .. ماندو بوونێكی‌ زۆر زۆر و مافێكی‌ كه‌م له‌ كاتێكدا بۆ توێژێكی‌ تری‌ ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ مافێكی‌ زۆر زۆر و ئه‌ركێكی‌ كه‌متر. ڕۆژمان باش و ڕۆژمان باش و دوباره‌و سه‌دان و هه‌زاران بار ڕۆژه‌كانمان هه‌ر به‌ ووته‌ی‌ بێ‌ كردار باش. ئازیزانم ....هاوپیشه‌ ماندوه‌كانم.. زۆرمان ووت و كه‌س گوێی‌ لێ‌ نه‌گرتین بویه‌ من پێشنیار ده‌كه‌م وه‌ك هه‌ڵوێستێك با ئیتر یادی‌ ڕۆژی‌ په‌رستاران ڕاگرین. چی‌ دی‌ یادی‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ . پێویست ناكات ئیتر بیكه‌ینه‌ شادی‌ و خۆشی‌ له‌ كاتێكدا له‌ ناخماندا هه‌زاران ئاواتی‌ مردوو هه‌یه‌, نامانه‌وێ‌ ئه‌و ڕۆژه‌مان لێ‌ پیرۆز كه‌ن له‌ كاتێكدا كه‌ خۆمان پیرۆز نه‌بین. با ئه‌و ڕۆژه‌ش وه‌ك هه‌ر ڕۆژیكی‌ تر ئاسایی‌ بێت و تا ئه‌و كاته‌ی‌ مافه‌ كانمان ده‌چێته‌ ئاستی‌ ئه‌ركه‌ كانمان.
ژماره‌ی بینین:
1092
به‌روار:
12/05/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
نه‌وشیروان ئازاد
نه‌وشیروان ئازاد
نه‌وشیروان ئازاد
1 بۆ 4 له‌ کۆی 4