ده‌رمانسازان مان ده‌گرن؟
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
دژبه‌ مافه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌؟ یان بۆ به‌دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ خۆیان؟ ئه‌ركان محه‌مه‌د ره‌شید سیسته‌می‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ عێراق به‌ گشتی‌ و كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ سیسته‌مێكی‌ كۆن و دواكه‌وتووه‌و له‌گه‌ڵ واقعی‌ ئه‌مرۆی‌ پێشكه‌وتنی‌ ته‌ندرووستی‌ دا ناگونجێت . له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رۆیشتنی‌ كات هه‌ر ماوه‌یه‌ك ده‌بینین چین و توێژێكی‌ ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ ده‌ست به‌ مانگرتن و رێپێوان ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ نه‌یتوانیوه‌ مافه‌كانییان دابین بكات و ده‌بێت حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی‌ داره‌كان له‌رێگه‌ی‌ بریار و رێنماییه‌وه‌ مافه‌كانییان بۆ دابین بكه‌ن . له‌م ماوه‌یه‌ دا ده‌رمانسازانی‌ سنووری‌ لقی‌ سلێمانی‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌رچوونی‌ بریاری ژماره‌ 1148ی‌ به‌رواری‌ 17-2-2014 ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ رێگه‌ پێدان به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ به‌ فرۆشتنی‌ (16 ئایتم) ده‌رمان له‌ ده‌رمانخانه‌كانییان و دانانی‌ كۆگای‌ ده‌رمانی‌ تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی‌ ئه‌و ئایتمانه‌ له‌لایه‌ن ده‌رچووانی‌ به‌شی‌ ده‌رمانسازی‌ په‌یمانگاوه‌ ده‌ستییان به‌ گردبونه‌وه‌و خۆپیشان دان كردوو داوایان كرد ئه‌و بریاره‌ هه‌لبوه‌شێته‌وه‌و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان لای‌ ئه‌وان بێت . لای‌ هه‌مووان ئاشكرایه‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ چه‌ندین چین و توێژ پێكهاتووه‌و هه‌ریه‌كه‌ له‌و چین و توێژانه‌ رۆڵ وكاریگه‌ری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت كردنی‌ هاووڵاتیان و ئه‌نجام دانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ته‌ندرووستیدا و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستیش سه‌ره‌كیترین توێژی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئه‌و ناوه‌نده‌یه‌ له‌رووی‌ ژماره‌ (30 هه‌زار كارمه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌) زیاتر ده‌بن وپزیشكان (پزیشكانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ وهه‌ناوی‌ و ...هتد) و ده‌رچووانی‌ كیمیاوی‌ و فیزیاوی‌ بایۆلۆجی‌ و كارگێری‌ و هونه‌ری‌ و هتد و تێدایه‌ و ده‌رچووانی‌ كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ كه‌ ژماره‌ یان له‌ ئاستی‌ پێویستی‌ ئه‌مرۆی‌ ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستیدا نیه‌ . بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك ده‌بێت ده‌رچووانی‌ كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ له‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ ده‌وام ده‌كه‌ن و پاشان له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تیش به‌ چه‌ندین شێواز كارله‌ كۆگاو ده‌رمانخانه‌كانی‌ ناو شارو قه‌زاكان ده‌كه‌ن وجگه‌ له‌ كاركردن له‌ ده‌رمانخانه‌كانیان مۆڵه‌ته‌كانییان به‌ كه‌سانی‌ تر ده‌ده‌ن وكاری‌ فرشتنی‌ ده‌رمانی‌ پێ‌ ده‌كه‌ن و له‌ كاتی‌ باس كردن له‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ كۆگاو ده‌رمانخانه‌كان ئه‌وان خۆیان له‌ هه‌موو رێنماییه‌كان لا ده‌ده‌ن و كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ پێ‌ی‌ یاسای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ماف بدرێته‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ ئه‌وان بێ‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ واقع و ماندوبونی‌ ئه‌و چین و توێژه‌ خزمه‌تگوزاره‌ی‌ ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ مانگرتن و خۆپیشاندن وداوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بریاری‌ ژماره‌ 1148 ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رواری‌ 17-2-2014 ده‌رچووه‌و ئه‌و بریاره‌ پاش چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی‌ بۆردی‌ باڵای‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌رچووه‌و تیایدا خودی‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ ده‌رمانسازان به‌شداری‌ كۆبونه‌وه‌كان بووه‌و ئاگاداری‌ سه‌رجه‌م وورده‌كارییه‌كانی‌ ئه‌و بریاره‌ و هۆكاره‌كانی‌ ده‌رچونی‌ ئه‌و بریاره‌ و سوده‌كانیه‌تی‌ له‌ ئه‌مرۆی‌ واقعی‌ ته‌ندرووستی‌ كوردستاندا. كه‌ چی‌ ته‌نها ده‌رمانسازانی‌ سنوری‌ لقی‌ سلێمانی‌ مانده‌گرن وله‌ سنوری‌ لقه‌كانی‌ تردا مانگرتن بونی‌ نییه‌. لای‌ هه‌مووان ئاشكرایه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستیدا ژماره‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ و پێشكه‌ش كردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانییان له‌سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌و مه‌ڵبه‌ندوبنكه‌و سه‌نته‌ری‌ پزیشكی‌ دا له‌ چی‌ ئاستێكدایه‌ به‌جۆرێك له‌ زیاتر له‌ 500 بنكه‌ی‌ ته‌ندرووستیدا كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ رۆڵی‌ پزیشكی‌ گشتی‌ و ده‌رمانسازو ئیداری‌ و هتد ده‌بینن سه‌ره‌رای‌ ئێشكگری‌ به‌رده‌وامی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی‌ ته‌ندرووستیدا كه‌ چی‌ ده‌رمانسازان بیرله‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تاوه‌كو ئه‌مرۆ له‌ رووی‌ ژماره‌و شێوازی‌ ده‌وام كردنه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كارێكی‌ وا بكه‌ن له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستیدا ببن به‌ ژماره‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ و له‌ زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ته‌ندرووستیدا به‌ هۆی‌ كه‌می‌ ژماره‌یان بوونییان نیه‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ پر ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ ئێستادا ده‌بێت ده‌رمانسازان و هه‌موولایه‌نێكی‌ تر كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ بزانن ته‌ندرووستی‌ واته‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ و پاشان پزیشكان و به‌شه‌كانی‌ تر چونكه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ رۆژانه‌ بێ‌ گوێدانه‌ ماندووبوون خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندرووستی‌ ده‌گه‌یه‌نن دوورترین خاڵی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و رۆڵی‌ هه‌موو چین وتوێژه‌كانی‌ تری‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ ده‌گێرن و ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ ماندوبونی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرێ‌ روبه‌رووی‌ لێپرسینه‌وه‌ بكرێته‌وه‌ چونكه‌ مانگرتن و خۆپیشاندان ده‌بێت واقعییانه‌ بێت و مافی‌ توێژه‌كانی‌ تر پێشێل نه‌كات. هیوادارین له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیك دا وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندرووستی‌ و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ تری‌ حكومی‌ و په‌رله‌مان و رێكخراوه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ هه‌وڵه‌كانییان یه‌ك بخه‌ن به‌ مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ سیسته‌مێكی‌ ته‌ندرووستی‌ نمونه‌یی‌ كه‌ له‌ ئاست خواست و ویستی‌ ئه‌مرۆی‌ واقعی‌ ته‌ندرووستی‌ بێت و هه‌ردوو كه‌رتی‌ گشتی‌ و تایبه‌ت و لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ته‌ندرووستی‌ به‌ یاسا رێكبخات و هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند بكات به‌ پێشكه‌ش كردنی‌ به‌رزترین خزمه‌تگوزاری‌ ته‌ندرووستی‌ بۆ هاووڵاتیان ودوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌سكه‌وتی‌ تایبه‌ت و دوور له‌ ئاكاری‌ مرۆڤایه‌تی‌.
ژماره‌ی بینین:
1290
به‌روار:
07/07/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
1 بۆ 13 له‌ کۆی 13