رۆژی‌ جیهانی‌ په‌رستاران و پرۆژه‌ی‌ نوێ‌ و به‌رنامه‌ی‌ نوێ‌
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
12ی‌ ئایار رۆژی‌ جیهانی‌ په‌رستارانه‌ .له‌م رۆژه‌دا په‌رستارانی‌ جیهان به‌ گشتی‌ و كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ یادی‌ ئه‌و رۆژه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تیایدا خانمه‌ په‌رستاری‌ به‌ ره‌گه‌ز ئیتالی‌ خاتوو( فلۆرانس )ی‌ تێدا له‌دایك بوو . مێژووی‌ پیشه‌ی‌ په‌رستاری‌ مێژوویه‌كی‌ كۆنه‌و له‌ و ساته‌وه‌ له‌ جیهان دا پیشه‌ی‌ په‌رستاری‌ له‌ رووی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ گرنگی‌ و بایه‌خی‌ زیاتری‌ پێ‌ ده‌درێت و په‌رستاران له‌ سه‌رجه‌م لایه‌كانی‌ ژیان دا رۆڵ و گرنگی‌ زیاترییان پێ‌ ده‌درێت و رێزی‌ زۆرییان لێ‌ ده‌گیرێت . فراوانبوون و بڵاو بونه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیشه‌ پیرۆزه‌ له‌ ووڵاتانی‌ پێشكه‌وتووی‌ جیهان بۆ ووڵاتانی‌ تر قۆناغی‌ باشی‌ بریوه‌و هه‌رێمی‌ كوردستانیش پاش راپه‌رینی‌ به‌هاری‌ ساڵی‌ 1991 پیشه‌ی‌ په‌رستاری‌ تیایدا رۆژ به‌ رۆژ جۆرێك له‌ پێشكه‌وتن و گرنگی‌ پێدانی‌ پێوه‌ ده‌بینرێت كه‌ جێگه‌ی‌ بایه‌خ پێدانه‌. له‌ گه‌ڵ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ گۆرانكاری‌ سیاسی‌ و حوكمداری‌ له‌ عێراق وناوچه‌كه‌و گه‌شه‌ سه‌ندنی‌ بواری‌ ئابوری‌ و بازرگانی‌ وكرانه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ رووی‌ وولاتانی‌ پێشكه‌وتووی‌ جیهان و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ تایبه‌ت به‌ بواری‌ پزیشكی‌ و درووست كردنی‌ كارگه‌ی‌ خۆماڵی‌ ده‌رمان و پێداویستی‌ پزیشكی‌ و چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌و كۆمه‌ڵگای‌ پزیشكی‌ حكومی‌ و ئه‌هلی‌ و زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ پزیشك و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ باشترین شێوه‌ سیسته‌می‌ ته‌ندرووستی‌ و كاری‌ پیشه‌یی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی‌ مادی‌و ئیداری‌ و لایه‌نه‌كانی‌ تره‌وه‌ رێك بخرێت به‌ جۆرێك كامره‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌ست به‌ عه‌داله‌ت و یه‌كسانی‌ بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ی‌ رۆژانه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ دا پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییانی‌ ده‌كه‌ن . بۆ ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌گه‌ل نزیكبونه‌وه‌ی‌ یادی‌ په‌رستاران دا هه‌ست به‌ خۆشی‌ و شادی‌ بكه‌ن پێویسته‌ سه‌ندیكاو حكومه‌ت و لایه‌ینه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێكه‌وتی‌ ئه‌م یاده‌ بكه‌ن به‌ یادی‌ به‌ دیهێنانی‌ خه‌ون و ئامانجه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان دا كه‌ گرنگترینییان بریتی‌ یه‌ له‌ : 1- رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناوخۆی‌ ماڵی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ دوور له‌ هه‌موو ئینتیمایه‌كی‌ حزبی‌ و هه‌وڵ و كۆشش بۆ به‌دیهێنانی‌ ماف و ئیمتیازه‌كانی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی‌ مووچه‌و ئێشكگری‌ و كردنه‌وه‌ی‌ خوولی‌ به‌هێزكردن و توانا سازی‌ و .............هتد 2- گرنگی‌ دان به‌ ئاستی‌ زانستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كۆلێژی‌ پزیشكی‌ تایبه‌ت به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ و بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌ بروانامه‌ی‌ به‌رز و پسپۆری‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ هه‌یه‌ دوای‌ زیاتر له‌ 20 ساڵ تاوه‌كو ئه‌مرۆ بواری‌ وا نه‌ره‌خساوه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ له‌ بواری‌ خوێندنی‌ باڵاو توناسازی‌ سوود مه‌ند بن هه‌رچه‌نده‌ سه‌ندیكا چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ له‌و بواره‌دا ناوه‌ به‌ڵام تا ئێستا به‌ته‌واوی‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجام. 3- له‌گه‌ڵ هاتنی‌ ئه‌م یاده‌دا پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی‌ داره‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ (لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندرووستی‌) و هه‌ر لایه‌نێكی‌ تری‌ په‌یوه‌ندیدار له‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ بێنه‌ سه‌رخه‌ت و هه‌وڵی‌ جدی‌ بده‌ن مافی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندرووستی‌ له‌گه‌ڵ پزیشكان رێك بخه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ واقعدا ده‌بینرێت له‌ زۆر رووه‌وه‌ جیاوازی‌ كراوه‌و مافی‌ كارمه‌ند پێشێل كراوه‌ هه‌ندێكی‌ به‌ ئه‌نقه‌ست و هه‌ندێكی‌ به‌ بوونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زۆری‌ پزیشكان بووه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ بریاردا . 4- هه‌وڵ دان بۆ به‌ دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی‌ دابین كردنی‌ شوێنی‌ نیشته‌ جێ‌ بوون (خانوو یان شوقه‌ یان زه‌وی‌ ) بۆ سه‌رجه‌م شاره‌كان و قه‌زاكانیش بگرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر له‌ بواری جێبه‌جێكردندایه‌، چونكه‌ به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ زه‌وی‌ دابه‌ش نه‌كراوه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو كارمه‌ند شوێنی‌ نیشته‌ جێ‌ بوونی‌ نییه‌ . 5- پێویسته‌ له‌ ئاینده‌دا پوسته‌كانی‌ ناو وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌ به‌رایه‌تییه‌ گشتی‌ یه‌كان و نه‌خۆشخانه‌و سه‌نته‌ره‌كان به‌شی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ بێت له‌ رووی‌ ماف و ئیمتیازاتی‌ مادی‌ و ئیداری‌ یه‌وه‌ كه‌ تائه‌مرۆ ئه‌و مافه‌ به‌ زۆری‌ پێشێل كراوه‌ . ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌سه‌ندیكاو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی‌ داره‌كان له‌گه‌ڵ رۆژی‌ جیهانی‌ په‌رستاران دا به‌ پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی‌ نوێ‌ خزمه‌ت به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌ن و ئه‌و یاده‌و ئه‌و رۆژه‌ به‌ پێدانی‌ مژده‌و هه‌واڵ و پرۆژه‌ی‌ جۆراو جۆر بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ رۆژانه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ دا فریشته‌ ئاسا خزمه‌ت به‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان و چین و تویژه‌كان ده‌كه‌ن . ل. راگه‌یاندن سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندرووستی‌ - لقی‌ گه‌رمیان
ژماره‌ی بینین:
1309
به‌روار:
12/05/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌ركان موحه‌مه‌د ره‌شید
1 بۆ 13 له‌ کۆی 13