دكتۆر سۆران موحه‌مه‌د: به‌رزبوونه‌وه‌ی كۆلسترۆڵ له‌خوێندا مه‌ترسی نۆبه‌ی دڵ زیاد ده‌كات
نازنين عوسمان
+به‌رزبوونه‌وه‌ی كۆلیسترۆڵی خوێن یه‌كێكه له و نه‌خۆشی و گرفتانه‌ی كه رۆژانه گوێ بیست ده‌بین چه‌ندان كه‌س پێوه‌ی گیرۆده بون.
دكتۆر سۆران محمدغریب پزیشكی هه‌ناوی وڕۆماتیزم ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كۆلیسترۆڵ چه‌ورییه‌كه له هه‌موو خانه‌كانی له‌شدا هه‌یه، له‌ش به‌كاری دێنێت له دروستكردنی خانه‌كان و چه‌ند هۆرمۆنێكی گرنگداو به‌رزبوونه‌وه‌شی زیانر زۆر ده‌گه‌یه‌نێت به‌نه‌خۆشه‌كه.
+ كۆلیسترۆڵ چی یه؟
د.سۆران: كۆلیسترۆڵ چه‌ورییه‌كه له هه‌موو خانه‌كانی له‌شدا هه‌یه، له‌ش به‌كاری دێنێت له دروستكردنی خانه‌كان و چه‌ند هۆرمۆنێكی گرنگدا. كۆلیسترۆڵ ئه‌گوێزرێته‌وه به‌ناو له‌شداو لكاوه به پرۆتینه‌وه یه‌كگرتنی كۆلیسترۆل و پرۆتین پێی ده‌وترێت لایپۆپرۆتین(lipoprotein) ، لایپۆپرۆتین سێ جۆره:
1. كۆلیسترۆلی خراپ/bad cholesterol'' LDL Low Density Lipoprotein
ئه‌م جۆره كۆلیسترۆل ئه‌گوێزێته‌وه به‌ناو له‌شدا،له بۆرییه‌كانی خوێندا دروست ده‌بێت و ئه‌بێته هۆی ره‌قبون و تهسكبونهوهیان.
2.VLDL Very Low Density Lipoprotein
ئه‌م جۆره به‌زۆری چه‌وری ترایگلیسراید(triglyceride) ده‌گوێزێته‌وه. تریگلیسراید یش جۆرێكه له چه‌وری لكاوه به پرۆتینه‌وه ئه‌م جۆره‌ش ئه‌بێته هۆی ته‌سكبونه‌وه‌ی بۆرییه‌كانی خوێن.
3. كۆلیسترۆلی باش/ good cholesterol'' HDL High Density Lipoprotein
ئه‌م جۆره كۆلیسترۆلی زیاده هه‌ڵده‌گرێت و ئهیگهرێنێتهوه بۆ جگه‌ر.
+به‌رزی كۆلیسترۆڵی خوێن: High Blood Cholesterol
د.سۆران: كاتێك كۆلیسترۆل به‌رزبێت، نیشتووی چه‌وری له بۆرییه‌كانی خوێندا دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ش رۆشتنی خوێن به‌ناو بۆرییه‌كاندا گران ده‌كات، دڵ ئۆكسجینی پێویستی پێ ناگات به‌مه‌ش مه‌ترسی نۆبه‌ی دڵ(heart attack) زیاد ده‌بێت، هه‌روه‌ها كه‌م رۆشتنی خوێن بۆ مێشك ئه‌بێته هۆی جه‌ڵده‌ی مێشك(stroke).
+نیشانه‌كانی چین؟ چۆن بزانرێت یه‌كێك كۆلیسترۆلی خوینی به‌رزه؟
د.سۆران: نیشانه‌ی نی یه. شیكاری خوێن تاكه رێگایه بۆ دیاریكردنی به‌رزی كۆلیسترۆل. له ته‌مه‌نی 20 سهڵییهوه پێویسته هه‌موو كه‌سێك شیكاری خوێن بكات بۆ دیاری كردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی بنه‌ره‌تی، پاشان به لایه‌نی كه‌مه‌وه 5 ساڵ جارێك دووباره‌ی بكاته‌وه.
بۆ ده‌ست كه‌وتنی باشترین ئه‌نجام پێویسته پێش شیكاری بۆ ماوه‌ی 9 بۆ 12 كاتژمێر هه‌موو خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ك(جگه له ئاو) ڕابگیرێت.
+هۆكاره‌كانی توشبوون به به‌رزی كۆلیسترۆل چین؟
د.سۆران: هۆكاره‌كانی توشبوون به به‌رزی كۆلیسترۆل:
هه‌ندێك له هۆكاره‌كان له ده‌سه‌ڵاتی تاكدایه، وه‌ك؛ نا چالاكی، قه‌ڵه‌وی، خواردنی خراپ و نا ته‌ندروست...
هه‌ندێكی تر له هۆكاره‌كان له ده‌سه‌ڵاتی تاكدا نیه، وه‌ك؛ پێكهاتنی جینی (بۆماوه‌یی).
+كێ زیاتر معهرزه بۆ توش بوون؟ ئه‌و هۆكارانه‌ی خراپتری ده‌كه‌ن چین؟
د.سۆران: رێی تێده‌چێت یه‌كێك توشی به‌رزی كۆلیسترۆلی خوێن بیت ئه‌گه‌ر هه‌ركام له‌م كارا مه‌ترسییانه‌ی لای خواره‌وه‌ت تێده بێت:
-جگه‌ره كێشان. كێشانی جگه‌ره دیواری بۆرییه‌كانی خوێن تێك ده‌شكێنێت و یارمه‌تی كه‌ڵه‌كه‌بونی نیشتووی چه‌وری ده‌دات.
-قه‌ڵه‌وی.
-خواردنی خراپ. خواردنی ئه‌و خۆراكانه‌ی كۆلیسترۆلی زۆری تێدایه، وه‌ك؛ گۆشتی سور، به‌روبومی شیری پڕ چه‌وری(كامل الدسم) ، هه‌روه‌ها خواردنی چه‌وری تێر(saturated fat) كه له به‌روبومی ئاژه‌ڵیدا هه‌یه.
-وه‌رزش نه‌كردن.
-به‌رزی په‌ستانی خوێن.
-نه‌خۆشی شه‌كره.
-مێژووی خێزان بۆ نه‌خۆشی دڵ. ئه‌گه‌ر دایك باوك یان خوشك برا توشی نه‌خۆشی دڵ بوون پێش ته‌مه‌نی 55 ساڵی.
+خۆپاراستن وچاره‌سه‌ر چیه؟
د.سۆران: خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر:
گۆڕینی شێوازی ژیانت باشترین ڕێگه‌یه بۆ خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر
1- له ده‌ست دانی كێشی زیاده.
2- خواردنی خۆراكی ته‌ندروست.
* دوور كه‌وتنه‌وه له چه‌وری خراپ واته چه‌وری تێر (الدهون المشبعه) كه له گۆشت و په‌نیر و به‌رهه‌می ئاژه‌ڵی تردا هه‌یه، هه‌روه‌ها له هه‌ندێك جۆری كێك و بسكیتیشدا هه‌ن. له جیاتی ئه‌م جۆره چه‌ورییه، ئه‌توانیت چه‌وری ناتێر (unsaturated) به‌كاربێنیت وه‌ك ؛ له زه‌یتون، فستق عبید(فول سودانی) هه‌روه‌ها گوێز، بادام.
* كه‌م به‌كارهێنانی ئه‌و خۆراكانه‌ی كۆلیسترۆلی زۆر تێدایه وه‌ك گۆشتی سور، زه‌ردێنه‌ی هێلكه، به‌رهه‌می شیری چه‌ور(په‌نیر، كه‌ره ، هتد..).
* هه‌ڵبژاردنی دانه‌وێڵه‌ی ته‌واو(به توێكڵه‌وه) و به‌رهه‌مه‌كانی دانه‌وێڵه‌ی ته‌واو له نان و ئارد و كێك دا، وه‌ك گه‌نم ، جۆ، شۆفان(الشوفان)..
* خواردنی میوه و سه‌وزه، پرن له ریشاڵه خۆراكییه‌كان(dietary fiber) كه گرنگن بۆ ته‌ندروستی دڵ. خواردنی 5 ژه‌م میوه له رۆژێكدا سوودێكی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ ته‌ندروستی.
* خواردنی ماسی. هه‌ندێك جۆری ماسی وه‌ك ماسی سه‌لمۆن، مهكهرهل، ره‌نكه، تونه؛ ترشه چه‌وری ئۆمێگا 3 (Omega 3) تێدایه بۆ ته‌ندروستی دڵ باشه.
* كحول. زۆر خواردنی كحول ئه‌بێته هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی چه‌وری ترایگلیسراید(triglyceride).
3- وه‌رزشكردن به رێك و پێكی. بۆ ماوه‌ی30 بۆ 60 ده‌قیقه له رۆژێكدا وه‌ك؛ ڕۆشتن، راكردن، پاسكیل سواری، مه‌له‌كردن.
4- وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان.
ژماره‌ی بینین:
2581
بهروار:
06/04/2013