رێگا لە كەم خوێنی بگرە
كەمخوێنیی بابەتێكی فراوانە و گەلێ جۆری هەیە و لەهەمویاندا ژمارەی خڕۆكەسورەكانی خوێن كەمدەكات، كە ئەركیان گواستنەوەی خۆراك و ئۆكسجینە بۆ بەشە جیاوازەكانی لەش. لێرەدا ئێمە ناچینە سەر درێژەی ئەم بابەتە و نیشانە و چارەسەرییە پزیشكییەكانی, بەڵكو هەندێ ئامۆژگاری نا دەرمانیتان پێشكەش دەكەین، تا هەم ڕێگە بگرن لەو جۆرانەی توشبوون و چارەسەرییان لەدەستی خۆتاندایە و هەم ئەگەر حاڵەتەكەتان توشبووبێت بەهۆگەلێك كە چارەسەریان خۆراكییە، بێ پەنابردنە بەر دەرمان چارەی بكەن. بیرتان نەچێت هەندێ جۆری كەم خوێنی بەهۆی ناتەواوی بۆماوەیی وەك تالاسیمیا یاخود نەخۆشی تری درێژخایەنی وەك پەككەوتنی گورچیلەوەیە، بەڵام بەشێكی زۆریان بەتایبەت لەئافرەتاندا بەهۆی كەمی مادەی ئاسنەوەیە، یاخود خوێن لێڕۆیشتنی زۆر لەكاتی سوڕی مانگانەدا یاخود بەهۆی كەمیی ڤیتامین ب 12 یان فۆلیك ئەسیدەوەیە و بە جێبەجێكردنی ئەم خاڵە سادانە ڕێگە لەو جۆرانەی دووەمیان یان دەگریت كە بەهۆی كەمی ئەو ڕەگەزە خۆراكیانە یان زۆر لێڕۆیشتنی سروشتییەوەیە: 1- بڕێكی زۆرتری ئەو خۆراكانە بخۆ، كە ماددەی ئاسنیان تێدایە: وەك سەوزە ڕەنگ سەوز و گەڵادارەكان، جگەر، گۆشتی سوری بێ چەوری، نیسك، پاقلەمەنییەكان. 2- راستەوخۆ دوای نانخواردن، چاو و قاوە مەخۆرەوە. ئەم دوانە تەگەرە دەخەنە بەردەم هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ڕیخۆڵەكاندا. بۆیە باشترە تا 1-2 كاتژمێر دوای نان چا و قاوە نەخۆیتەوە. 3- زیاتر بەكارهێنانی ئەو خواردنانەی ڤیتامین بی 12یان زۆرە: جگەر، گورچیلە، ماسیی چەور، هێلكە، كەرە. 4- زیاتر خواردن و خواردنەوەی ئەو خۆراكانەی ڤیتامیان سییان زۆرە: لیمۆ، پرتەقاڵ، كێوی، قۆخ. ڤیتامین سی یاریدەی هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەدات لەڕیخۆڵەكاندا. زیاتر خواردنی فۆلیك ئەسید: سپێناخ، كەلەرم، گوڵەبەڕۆژە، ترێ، مۆز، تەماتە.
ژماره‌ی بینین:
1484
به‌روار:
25/08/2016
بیروڕاکان