نۆرینگه‌كانی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی تا چه‌ند له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیاندان كارمه‌ندان رۆلی سه‌ندیكا ‌‌‌به‌رز ده‌نرخینن له‌ده‌رچواندنی ده‌سه‌ڵاتی مامه‌ڵه‌كردن به‌ ده‌رمان ئاماده‌كردنی‌:
كاروان هه‌ولێری له‌م ڕیپۆرتاژه‌دا تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر گرنگی‌ بوونی‌ نۆرینگه‌ پزیشكیه‌كان و چۆنیه‌تی‌ یارمه‌تی دانی‌ نه‌خۆش , هه‌روه‌ها تیشكێك بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و یاریده‌رانی‌ پزیشك و په‌رستاران به‌رامبه‌ر بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كه‌ ڕێگه‌ی‌ به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و په‌رستاران داوه‌ (16) جۆری ئایتم بفرۆشن, له‌مباره‌یه‌وه‌ لێدوانمان له‌ چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ كرد كه‌ نۆرینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌یه‌ و له‌دوای‌ كاتی‌ ده‌وام له‌نۆرینگه‌كانیان خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن تا دره‌نگانی‌ شه‌و, له‌مباره‌یه‌وه‌ پرسیارمان له‌ یاریده‌ده‌ری‌ پزیشك دابان مه‌حمود كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی‌ دایه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ تاچه‌ند نۆرینگه‌كان خزمه‌تی‌ هاوڵاتیانیان كردووه‌؟ دابان مه‌حمود به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌: ئه‌م نۆرینگانه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا خزمه‌تێكی‌ باشی‌ هاوڵاتیانیان كردووه‌, كه‌ توانیویانه‌ ئه‌و جانجاڵیانه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌, نۆرینگه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیانه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشه‌كان و ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان نه‌بێت ڕه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌نیان ده‌كه‌ن, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك له‌نۆرینگه‌كان زیاد له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان به‌كار ده‌هێنن بۆیه‌ من داوایان لێده‌كه‌م ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان نه‌بێت ڕه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ بكه‌ن یان بنێردرێنه‌ لای‌ پزیشكی‌ پسپۆڕ. سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی‌ كه‌ له‌ (17/2/2014) له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌رچوو كه‌ تیایدا ڕێگه‌ی‌ به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و په‌رستاران داوه‌ (16) جۆری ئایتم بفرۆشن پرسیارمان له‌ ناوبراو كرد ئێوه‌ تاچه‌ند له‌ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ ڕازین؟ سوودی‌ ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ بۆ كارمه‌ندان چی بوو؟ دابان مه‌حمود گووتی‌: ئه‌م بڕیاره‌ بڕیارێكی‌ زۆر باشه‌ چونكه‌ كارمه‌ند ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ به‌م (16) جۆره‌ مادده‌یه‌ بكات و له‌ڕووی‌ ماددی‌ و مه‌عنه‌وی‌ سوودی‌ لێ ببینێت و هه‌روه‌ها به‌م ماددانه‌ ده‌توانێت بژێوی‌ ژیانی‌ دابین بكات. پرسیاری‌ ئه‌وه‌مان لێكرد ئایا سه‌ندیكای‌ كامه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ڕۆڵی‌ له‌ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ هه‌بوو؟ دابان مه‌حمود وتی‌: بێگومان سه‌ندیكا ڕۆڵێكی‌ كارا و باشی‌ هه‌یه‌ له‌ده‌رچوونی‌ هه‌ر بڕیارێك كه‌ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان و كارمه‌ندان بكات, له‌م بڕیاره‌ش سه‌ندیكا به‌ئه‌ركی‌ خۆی‌ هه‌ڵسا له‌سه‌ره‌تا تا كاتی‌ ده‌رچوونی‌ بڕیاره‌كه‌ . هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ چه‌ند پرسیارێكمان له‌ یاریده‌ده‌ری‌ پزیشك (ئه‌میر مسته‌فا ئه‌حمه‌د) كرد, تاچه‌ند نۆرینگه‌كان خزمه‌تی‌ هاوڵاتیانیان كردووه‌؟ ئایا هاوڵاتیان له‌كاره‌كانتان ڕازین؟ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌میر مسته‌فا وتی‌: ئێمه‌ ئه‌ركی‌ خۆمانه‌ خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان بكه‌ین, به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ چه‌ند خزمه‌تمان كردووه‌ ئه‌وه‌ هاوڵاتی‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌كه‌یه‌ و ده‌زانێت چه‌ند سوودی‌ له‌ ئێمه‌ بینیوه‌, سه‌باره‌ت به‌ره‌زامه‌ندی‌ هاوڵاتیان ده‌توانم بڵێم له‌كاره‌كانمان ڕازین. _ده‌توانین بڵێین ئێوه‌ فریاگوزاری‌ سه‌ره‌تایین ؟ ئه‌میر مسته‌فا: تاڕاده‌یه‌ك به‌ڵێ, به‌ڵام نه‌ك له‌هه‌موو حاڵه‌تێك, حاڵه‌ت هه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌توانین چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین به‌ڵام چاره‌سه‌ر ناكه‌ین چونكه‌ ئێمه‌ به‌ڵێننامه‌مان پڕ كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موو حاڵه‌تێك چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین , بۆنموونه‌ له‌ كاتی‌ ڕوودانی‌ شه‌ڕ له‌نێوان دووكه‌س و كه‌سێك به‌ چه‌قۆ بریندار كرا ئه‌وه‌ ئێمه‌ بۆمان نیه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین تا ڕاپۆرتی‌ پۆلیس ده‌رده‌چێت , ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌توانین چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین. _ تۆ وه‌ك یاریده‌ده‌رێكی‌ پزیشك ئه‌م بڕیاره‌ چۆن ده‌بینی ؟ ئه‌میر مسته‌فا: من خۆم وه‌ك خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ك به‌بڕیارێكی‌ زۆر باشی ده‌زانم چونكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ سنوری‌ كاره‌كانی‌ بۆ دیاریكردووین كه‌ ده‌توانین له‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو كاره‌كانمان بكه‌ین و له‌سنوری‌ كاره‌كانمان لانه‌ده‌ین. _ تا چه‌ند سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندنی‌ ته‌ندروستی له‌ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ ڕۆڵی‌ هه‌بوو ؟ ئه‌میر مسته‌فا: سه‌ندیكا ڕۆڵی‌ خۆی‌ بینی و هه‌ستان چوون بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای‌ ده‌رمانسازان و سه‌ندیكای‌ پزیشكان و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ , به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ پاڵپشتیمان ده‌كه‌ن . هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان له‌ (عه‌لی‌ عبدالله) یاریده‌ده‌ری‌ ده‌رمانساز كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ به‌مشێوه‌یه‌ دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ لێمان پرسی, تۆ وه‌ك یاریده‌ده‌رێكی‌ ده‌رمانساز ئه‌م بڕیاره‌ چۆن ده‌بینی‌ ؟ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا گوتی‌: هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر بڕیارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌ربچێت بۆ سه‌لامه‌تی‌ هاوڵاتیانه‌ و بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ ئه‌وانه‌, سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ش به‌ بۆچوونی‌ من بڕیارێكی‌ ئاساییه‌ و ئه‌و یاریده‌ره‌ ده‌رمانسازانه‌ و ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیانه‌ی‌ له‌ كۆلێژ و په‌یمانگاكان ده‌رده‌چن ئه‌وانیش زانیاریان له‌سه‌ر به‌شێك له‌ ده‌رمانه‌كان هه‌یه‌ و توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی‌ دیایكراوه‌ بۆیان بیفرۆشن . _ ئایا ئه‌م بڕیاره‌ هیچ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ده‌رمانسازان هه‌بوو؟ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا وتی‌: به‌ بۆچوونی‌ من ئه‌م بڕیاره‌ كاریگه‌ریێكی‌ ئه‌وتۆی‌ له‌سه‌ر ده‌رمانسازان نه‌بوو چونكه‌ ئه‌و ئایتمانه‌ی‌ دیاریكراون ئه‌و ئایتمانانه‌ن كه‌ خه‌ڵك زۆر پێویستی‌ پێ ده‌بێت و زۆر جۆری ئایتمی تریش هه‌ن كه‌ زۆر له‌م ئایتمانه‌ گرنگترن و له‌ناو لیستی‌ ئه‌م (16) ئایتمه‌ش نه‌بوو , ئه‌م بڕیاره‌ش زۆر باش بوو چونكه‌ كار ئاسانیه‌ بۆ هاوڵاتیان. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی‌ ده‌رمانساز (موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا) كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ده‌رمانسازان به‌رامبه‌ر نۆرینگه‌كان و ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ بزانین. _ تۆ وه‌ك ده‌رمانسازێك ئایا بوونی‌ نۆرینگه‌كان به‌گرنگ ده‌زانی‌ یان نا ؟ موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا گوتی‌: هه‌ڵبه‌ته‌ بوونی‌ نۆرینگه‌كان گرنگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌م سنوره‌ی‌ بۆیان دیاریكراوه‌ كاربكه‌ن, به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سنوره‌كه‌یان لایاندا ئه‌وه‌ كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ڕه‌نه‌ ببێته‌ هۆی‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی‌ هاوڵاتیان. _ تۆ وه‌ك ده‌رمانسازێك ئه‌م بڕیاره‌ی‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌رچوو چۆن ده‌بینی؟ موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا گوتی‌: سه‌ره‌تا ئێمه‌ ده‌بێت جیاوازی‌ بكه‌ین له‌نێوان ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی‌ شار , له‌ناو شار ده‌رمانساز به‌رپرسه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ كۆمه‌ڵێكی‌ زۆر له‌ده‌رمانه‌كان جگه‌ له‌م (16) ئایتمه‌ كه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و یاریده‌ده‌رانی‌ پزیشكی‌ ده‌توانن به‌كاری‌ بێنن و بیفرۆشن , به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ریان جگه‌ له‌م ئایتمانه‌ هیچ ئایتمێكی‌ تر به‌كار نه‌هێنن . ئایا هۆكاری‌ ده‌رچوونی‌ ئه‌م بڕیاره‌ بۆئه‌وه‌ ناگه‌ڕێنیه‌وه‌ كه‌ ده‌رمانسازه‌كان ئه‌و گرنگیه‌ی‌ به‌ناو شار ده‌ده‌ن به‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاری‌ ناده‌ن ؟ هۆی‌ ئه‌م گرنگی‌ نه‌دانه‌ بۆچی‌ ده‌گه‌ڕێنیه‌وه‌ ؟ موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا گوتی‌: چونكه‌ پاڵپشتی‌ كردنی‌ ده‌رمانسازان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شار زۆر كه‌مه‌ , پاشانیش ده‌وام كردنیان ئه‌وانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شارن (15) ڕۆژ به‌(15) ڕۆژه‌ واتا (15) ڕۆژ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شارن و (15) ڕۆژه‌كه‌ی‌ تریش له‌ناو شارن , ده‌توانن له‌م (15) ڕۆژه‌ كار له‌ناو شار بكه‌ن , به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شار ناتوانن چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شار یاریده‌ده‌ره‌ پزیشكه‌كان وه‌ك پزیشك سه‌یر ده‌كرێن . سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری‌ بڕیاره‌كه‌ لێمان پرسی , ئایا ئه‌م بڕیاره‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئێوه‌ی‌ ده‌رمانساز كردووه‌؟ موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا گوتی‌: به‌ڵێ بێگومان كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ , به‌شێوه‌ی‌ ڕاسته‌خۆ فرۆشتنی‌ ئه‌م ده‌رمانانه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئاستی‌ فرۆشی‌ ده‌رمانسازه‌كه‌ , به‌شێوه‌ی‌ ناڕاسته‌وخۆش به‌شێك له‌م كارمه‌ندانه‌ زیاتر له‌م ئایتمانه‌ ده‌فرۆشن و دووباره‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كان بچنه‌ لای‌ نۆرینگه‌كان و نه‌چنه‌ ده‌رمانسازه‌كان . تۆ وه‌ك ده‌رمانسازێك پێت باشه‌ چی بكرێت ؟ موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا گوتی‌ : ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی‌ په‌یڕه‌و بكرێت ئه‌وه‌ بڕیارێكی‌ باشه‌ ,واته‌ ئه‌گه‌ر كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌رچووه‌ پێی پابه‌ند بن و زیاتر له‌م (16) ئایتمه‌ نه‌فرۆشن ئه‌وه‌ بڕیارێكی‌ باشه‌ , به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر له‌م ئایتمانه‌ بفرۆشن ئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی‌ هاوڵاتیان هه‌بێت .
ژماره‌ی بینین:
1137
به‌روار:
30/03/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25